[1] لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت،
[2] لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟» کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»
[3] گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟» گوتیان: «بە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»
[4] پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتە بە عیسا.»
[5] کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشران.
[6] جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد.
[7] بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.
[8] ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا.
[9] بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد.
[10] بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.
[11] خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا،
[12] تەنانەت دەستەسڕ و ئەو بەروانکانەشی کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنا و دەیانخستە سەر نەخۆش و نەخۆشی نەدەما، ڕۆحە پیسەکانیش دەردەچوون.
[13] هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەێنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.»
[14] سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد.
[15] ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟»
[16] ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.
[17] کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە.
[18] هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیان دەنا.
[19] ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان ژمارد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە .
[20] بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.
[21] لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.»
[22] ئینجا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە هەرێمی ئاسیا مایەوە.
[23] لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا.
[24] زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد. ئەمە قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران.
[25] ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت،
[26] بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین.
[27] نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست بدات.»
[28] کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
[29] ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا.
[30] پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت.
[31] هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، ناردیانە لای و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.
[32] ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە.
[33] ئینجا ئەسکەندەریان لەناو خەڵکەکەوە ڕاکێشا، جولەکەش بۆ پێشەوە پاڵیان پێوە دەنا، ئەسکەندەریش دەستی بەرزکردەوە دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات.
[34] بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
[35] ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟
[36] بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن.
[37] ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە.
[38] بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و پیشەوەرەکانی لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن.
[39] ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت.
[40] لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.»
[41] کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی بڵاوە پێکرد.