[1] شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان،
[2] داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات.
[3] کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە،
[4] کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»
[5] شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟» فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. ⌟بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.⌞
[6] بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»
[7] پیاوانی گەشتیار کە لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی.
[8] شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، چاوی کرابووەوە و هیچی نەدەبینی، دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق.
[9] سێ ڕۆژان هیچی نەبینی، هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.
[10] لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!» گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»
[11] مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات.
[12] لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»
[13] حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە.
[14] ئەوەتا لێرە لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی هەیە، هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆ دەپاڕێنەوە.»
[15] بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم نەتەوەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل.
[16] پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»
[17] حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «برام شاول، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.»
[18] دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا.
[19] نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و بۆ چەند ڕۆژێک لە دیمەشق لەگەڵ قوتابییەکان بوو.
[20] یەکسەر لە کەنیشتەکاندا عیسای ڕادەگەیاند، کە کوڕی خودایە.
[21] هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە ئەوە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟»
[22] بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحە.
[23] پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن،
[24] بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن.
[25] بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردییان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شووراکەوە شۆڕیان کردەوە.
[26] کاتێک گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە قوتابییە.
[27] بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە.
[28] ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند.
[29] هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن.
[30] کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردییانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.
[31] کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.
[32] ئەوە بوو کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی.
[33] لەوێ پیاوێکی بینی ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ لەناو جێگا کەوتبوو، ئیفلیج بوو.
[34] پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە جێگاکەت ڕابخە!» دەستبەجێ هەستا.
[35] هەموو ئەوانەی لە لودە و شارون دادەنیشتن بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
[36] قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتە ئاسک ، پڕبوو لە چاکەکاری و خێرکردن.
[37] ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا.
[38] لودەش لە یافا نزیک بوو، قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان بۆ نارد و تکایان لێکرد: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»
[39] پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردییانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای وەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کاتێک لەگەڵیان بوو کردبووی.
[40] پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت.
[41] ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە.
[42] ئەمە لە هەموو یافا زانرا و زۆریش باوەڕیان بە مەسیح هێنا.
[43] ڕۆژانێکی زۆریش پەترۆس لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە، ناوی شیمۆن بوو.