[1] ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد:
[2] «شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە،
[3] بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت.
[4] «شێوازی ژیانم لە لاویەتیم و لە سەرەتاوە لەنێو گەلەکەم و لە ئۆرشەلیم بووە، هەموو جولەکەش دەزانن.
[5] لەمێژە منیان ناسیوە، ئەگەر بیانەوێت شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان.
[6] ئێستاش لەسەر ئەو هیوایە ڕاوەستاوم و حوکم دەدرێم کە بەو بەڵێنانەیە خودا بە باوباپیرانی داوە،
[7] ئەوەی دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن، بە هیوای دەستکەوتنی. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن.
[8] بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنیتەوە؟
[9] «لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم.
[10] لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا.
[11] لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.
[12] «لەوەدا بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق.
[13] جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە.
[14] هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی .“
[15] «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“ «مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.
[16] بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم.
[17] ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو نەتەوانەی تۆیان بۆ دەنێرم
[18] تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“
[19] «لەوساوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە، ئەی شا ئەگریپاس،
[20] بەڵکو یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق و ئۆرشەلیم ڕامگەیاند، تاکو هەموو ناوچەی یەهودیا و نەتەوەکانیش تۆبە بکەن و بۆ خودا بگەڕێنەوە، کردارێک بکەن لە تۆبەکردن بوەشێتەوە.
[21] لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن.
[22] بەڵام لە خوداوە یارمەتیم دەستکەوت و تاکو ئەمڕۆ وەستاوم، شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە،
[23] کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت، یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت، خەریکە ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»
[24] کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی کردوویت.»
[25] پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم.
[26] ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون.
[27] ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»
[28] ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»
[29] پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»
[30] جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان،
[31] دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»
[32] ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»