[1] پۆڵس گەیشتە شاری دەربە و پاشان شاری لیسترا، لەوێ قوتابییەک بە ناوی تیمۆساوس هەبوو، دایکی جولەکەیەکی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو.
[2] برایان لە لیسترا و کۆنیا بە باشە باسی تیمۆساوسیان دەکرد.
[3] پۆڵس حەزی دەکرد تیمۆساوس یاوەری بێت، جا بردی تاکو خەتەنە بکرێت، لەبەر ئەو جولەکانەی لەو ناوچانە بوون، چونکە هەموو دەیانزانی باوکی یۆنانییە.
[4] ئیتر پۆڵس و هاوڕێکانی لە شارێکەوە دەچوون بۆ شارێکی دیکە و ئەو فەرمانانەی لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن.
[5] جا کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیادی دەکرد.
[6] پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
[7] کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان.
[8] ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆیاس.
[9] لە شەودا پۆڵس بینینێکی بۆ ئاشکرا کرا، پیاوێکی مەکدۆنی ڕاوەستابوو، لێی دەپاڕایەوە: «وەرە بۆ مەکدۆنیا و یارمەتیمان بدە.»
[10] پاش ئەوەی بینینەکەی بۆ ئاشکرا کرا، هەوڵماندا دەستبەجێ بەڕێ بکەوین بۆ مەکدۆنیا، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو مزگێنییان بدەینێ.
[11] جا بە دەریادا لە ترۆیاسەوە ڕاست بۆ سامۆسراکی ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس.
[12] لەوێشەوە بۆ فیلیپی کە یەکەم شاری ناوچەی مەکدۆنیایە و جێنشینی ڕۆمانییەکانە، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە.
[13] لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبار، لەو بڕوایەدا بووین لەوێ نوێژ بکرێت. دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەوێ کۆببوونەوە.
[14] یەک لەوان کە گوێی دەگرت ژنێکی خواپەرست بوو بە ناوی لیدیا، خەڵکی شاری سیاتیرا و بازرگانی کوتاڵی گرانبەها بوو. مەسیحی خاوەن شکۆ دڵی کردەوە تاکو سەرنج بداتە قسەکانی پۆڵس.
[15] کاتێک خۆی و خاووخێزانی لە ئاو هەڵکێشران، پاڕایەوە: «ئەگەر بەڕاستی باوەڕتان وایە کە من باوەڕم بە مەسیحی خاوەن شکۆ هێناوە، ئەوا وەرنە ماڵەکەم و بمێننەوە.» ئیتر ناچاری کردین.
[16] کاتێک بۆ شوێنی نوێژکردن دەچووین، تووشی کارەکەرێک بووین ڕۆحی فاڵچیێتی تێدابوو، بە کاری فاڵچیێتییەکەی قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەستدەهێنا.
[17] بەدوای پۆڵس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد: «ئەم مرۆڤانە بەندەی خودای هەرەبەرزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن.»
[18] چەندین ڕۆژ ئەمەی دەکرد، تاکو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە و بە ڕۆحەکەی گوت: «بە ناوی عیسای مەسیح فەرمانت پێدەدەم، لێی وەرە دەرەوە!» یەکسەر ڕۆحە پیسەکە لێی هاتە دەرەوە.
[19] کاتێک خاوەنەکانی بینییان سەرچاوەی داهاتیان بڕا، پۆڵس و سیلایان گرت، ڕایانکێشانە بازاڕ بۆ بەردەم دەسەڵاتداران.
[20] بردییاننە پێش دادوەران و گوتیان: «ئەم پیاوانە شارەکەمان دەشێوێنن، جولەکەن و
[21] نەریتێک بڵاو دەکەنەوە کە دروست نییە ئێمەی ڕۆمانی وەریبگرین یان کاری پێ بکەین.»
[22] ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن.
[23] جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات.
[24] ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە.
[25] لە نیوەی شەودا پۆڵس و سیلا نوێژیان دەکرد و گۆرانی ڕۆحییان بۆ خودا دەگوت، بەندکراوانی دیکەش گوێیان لێبوو.
[26] لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، بناغەی بەندیخانەکەی هەژاند، دەستبەجێ هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان بووەوە.
[27] کە چاودێرەکە بەئاگا هات و بینی دەرگاکانی بەندیخانە کراونەتەوە، شمشێری هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان ڕایانکردووە.
[28] بەڵام پۆڵس هاواری کرد: «هیچ لە خۆت مەکە، هەموومان لێرەین!»
[29] ئەویش داوای ڕووناکی کرد، چووە ژوورەوە و دەلەرزی، لەبەردەم پۆڵس و سیلا چۆکی دادا.
[30] ئەوسا بردنییە دەرەوە و گوتی: «گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟»
[31] گوتیان: «باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆ بهێنە، خۆت و خێزانەکەت ڕزگارتان دەبێت.»
[32] جا پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆی بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون ڕاگەیاند.
[33] ئیتر چاودێرەکە لەو کاتەی شەودا بردنی و برینەکانی ساڕێژ کرد، دەستبەجێ خۆی و خاووخێزانەکەی لە ئاو هەڵکێشران.
[34] ئینجا بردنییە ماڵەوە و خواردنی بۆ دانان، خۆی و خاووخێزانەکەی زۆر دڵشاد بوون، کە باوەڕیان بە خودا هێنابوو.
[35] کە ڕۆژبووەوە فەرمانڕەواکان پۆلیسیان نارد و گوتیان: «پیاوەکان ئازاد بکەن.»
[36] چاودێری بەندیخانە ئەم هەواڵەی دایە پۆڵس: «فەرمانڕەوایان ناردوویانە کە ئازاد بکرێن، بۆیە ئێستا وەرنە دەرەوە و بڕۆن بە سەلامەت.»
[37] بەڵام پۆڵس پێی گوتن: «بە بێ دادگایی کردن و بە ئاشکرا دارکارییان کردین و فڕێیان داینە بەندیخانە، ئێمەش هاوڵاتی ڕۆمانین، ئایا ئێستا بە نهێنی دەرماندەکەن؟ نەخێر! بەڵکو با خۆیان بێن دەرمانبهێنن.»
[38] پۆلیسەکان ئەم قسانەیان بە فەرمانڕەوایان ڕاگەیاند، ئەوانیش کاتێک زانییان پۆڵس و سیلا هاوڵاتی ڕۆمانین ترسان.
[39] ئیتر هاتن و لێیان پاڕانەوە، بردییاننە دەرەوە و داوایان لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن.
[40] کاتێک پۆڵس و سیلا لە بەندینخانە هاتنە دەرەوە، چوون بۆ ماڵی لیدیا، لەوێ لەگەڵ خوشک و برای باوەڕداران کۆبوونەوە و هانیان دان، پاشان ڕۆیشتن.