[1] پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.»
[2] حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن.
[3] پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»
[4] ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»
[5] پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.] »
[6] پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.»
[7] کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش،
[8] چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.
[9] ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟»
[10] کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.
[11] بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»
[12] کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن.
[13] ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون.
[14] چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین.
[15] ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»
[16] بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.
[17] جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.»
[18] ئەویش بردییە لای فەرماندەکە. گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»
[19] فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»
[20] گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە.
[21] بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»
[22] فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»
[23] ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی شەو بچنە قەیسەرییە.
[24] هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»
[25] نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو: mo
[26] لە کلودیۆس لیسیاس، mc بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا، mo سڵاو. m
[27] ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە.
[28] دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان.
[29] بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت.
[30] کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.
[31] بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان هێنا.
[32] بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە.
[33] سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی.
[34] خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە،
[35] گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.