[1] پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت.
[2] بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە نرخەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان.
[3] پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، تاکو درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە نرخی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟
[4] ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.»
[5] کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت.
[6] ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.
[7] پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە.
[8] پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟» گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.»
[9] پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرنە دەرەوە.»
[10] دەستبەجێ لەبەرپێی کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان.
[11] ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست.
[12] لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە.
[13] کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن.
[14] هەروەها خەڵکی زیاتر باوەڕیان دەهێنا و دەهاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ، ژن و پیاو بە کۆمەڵ،
[15] وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان.
[16] خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.
[17] بەڵام سەرۆک کاهین و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی.
[18] نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە.
[19] بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە، گوتی:
[20] «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.»
[21] کە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. سەرۆک کاهین و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، سەنهەدرین و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن.
[22] بەڵام کە پاسەوانەکان هاتن و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان دا:
[23] «زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.»
[24] کاتێک سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و کاهینانی باڵا ئەمەیان بیست، لێیان سەرسام بوون و گوتیان ئەمە چی بەسەردێت!
[25] ئینجا یەکێک هات و گوتی: «ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندانەوە، وا لە حەوشەکانی پەرستگادا ڕاوەستاون و خەڵکی فێر دەکەن.»
[26] ئەوسا سەرۆک و پاسەوانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی نێردراوانیان هێنا، چونکە دەترسان گەل بەردبارانیان بکەن.
[27] کاتێک ئەوانیان هێنا لەبەردەم سەنهەدریندا ڕایانگرتن، سەرۆک کاهین لێی پرسین:
[28] «بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.»
[29] پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک!
[30] خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان.
[31] خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستە ڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت.
[32] ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.»
[33] کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن.
[34] بەڵام فەریسییەک ناوی گەمالائیل بوو، مامۆستای تەورات و ڕێزدار بوو لەلای هەموو گەل، لە سەنهەدرین هەستا و فەرمانی دا بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە.
[35] پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن.
[36] لەمێژ نییە سوداس هەستا و خۆی بە شتێک دادەنا، نزیکەی چوار سەد پیاو لێی کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە، بوونە هیچ.
[37] دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە.
[38] ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت.
[39] بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.»
[40] وتەکانی قایلی کردن، ئیتر نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە ئەوان بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن.
[41] جا بە دڵشادییەوە لەبەردەم سەنهەدرین هاتنە دەرەوە، چونکە وا دانران شایانی ئەوە بن بۆ ناوی ئەو سووکایەتییان پێ بکرێت.
[42] ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.