Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:02

[1] لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا.

[2] هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت.

[3] کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو.

[4] کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.

[5] بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.

[6] بەڵام کاتێک هێرۆدس بەتەمابوو بیهێنێتە دەرەوە، لەو شەوەدا پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد.

[7] لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە، گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.

[8] فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.»

[9] پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندینخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە.

[10] پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.

[11] ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»

[12] کە ئەمە تێگەیشت، هاتە ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، زۆر لەوێدا کۆببوونەوە نوێژیان دەکرد.

[13] کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک هات ناوی ڕودا بوو تاکو بزانێت کێیە.

[14] کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

[15] پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»

[16] بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون.

[17] بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.

[18] کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو، ئاخۆ پەترۆس چی لێهات.

[19] کاتێک هێرۆدس داوای کرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەربازان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن. ئینجا هێرۆدس لە یەهودیاوە چوو بۆ قەیسەرییە و لەوێ مایەوە.

[20] هێرۆدس لە خەڵکی سور و سەیدا زۆر تووڕە بوو، ئەوانیش بە یەک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە ناوچەکەیان لە ناوچەی پاشاوە ئازووقەی بۆ دەهات.

[21] لە ڕۆژی دیاریکراودا هێرۆدس جلی پاشایەتیی لەبەرکرد، لەسەر کورسی حوکمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا.

[22] خەڵکەکەش هاواریان کرد: «ئەمە دەنگی خوداوەندێکە هی مرۆڤ نییە!»

[23] دەستبەجێ فریشتەیەکی یەزدان لێیدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرمیش لێیدا و مرد.

[24] بەڵام پەیامی خودا بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو.

[25] بەرناباس و شاولیش دوای تەواوکردنی خزمەتەکە لە ئۆرشەلیم گەڕانەوە، یۆحەناشیان لەگەڵ خۆیان برد، کە بە مەرقۆس ناسراوە بوو.

کرداری نێردراوان — Chapters