[1] لە پۆڵسی بەندەی عیسای مەسیح، نێردراوی بانگکراو و تەرخانکراو بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی خودا،
[2] ئەوەی کە خودا پێشتر لە نووسراوە پیرۆزەکاندا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە بەڵێنی دابوو،
[3] سەبارەت بە کوڕەکەی کە بە جەستە لە نەوەی داود بوو،
[4] هەروەها بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز و بە هێزی هەستانەوەی لەنێو مردووان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بە کوڕی خودا دیاری کرا.
[5] لە پێناوی ناوی مەسیح و لە ڕێگەی ئەوەوە، نیعمەت و نێردراویێتیمان وەرگرت، تاکو هەموو نەتەوەکان بانگ بکەین بۆ ئەوەی باوەڕ بە مەسیح بهێنن و گوێڕایەڵی بن.
[6] ئێوەش لەنێو ئەوانەدان کە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی هی عیسای مەسیح بن.
[7] بۆ هەموو ئەوانەی خۆشەویستی خودان و لە ڕۆما دەژین، بانگکراون بۆ ئەوەی پیرۆز بن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
[8] سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە.
[9] خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و
[10] بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
[11] تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ،
[12] هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە.
[13] ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، وەک لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
[14] من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم ، دانا و نەزان.
[15] بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
[16] شەرمم بە پەیامی ئینجیل نییە، لەبەر ئەوەی هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوونی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە.
[17] لە پەیامی ئینجیلدا بێتاوانکردن لە خوداوە ئاشکرا دەکرێت، ئەم بێتاوانکردنەش لە دەستپێکردنەوە هەتا کۆتایی بە باوەڕە ، وەک نووسراوە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت. ]
[18] لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن،
[19] لەبەر ئەوەی زانینی خودا تێیاندا دیارە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون.
[20] لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی ، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون.
[21] لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو.
[22] هەرچەندە بە وتەی خۆیان دانان، بوونە گێل،
[23] شکۆی خودای نەمریان گۆڕییەوە بە شێوەی پەیکەری مرۆڤی لەناوچوو و باڵندە و چوارپێ و خشۆک.
[24] هەر لەبەر ئەوە خودا بە هەوەسی دڵیان ئەوانی دایە دەست گڵاوی، تاکو لەناو خۆیاندا سووکایەتی بە لەشی خۆیانەوە بکەن.
[25] ئەوانەی ڕاستی خودایان بە درۆ گۆڕییەوە و بەدیهێنراویان پەرست و خزمەتیان کرد لە جیاتی بەدیهێنەر، ئەوەی هەتاهەتایە ستایش بۆ ئەوە. ئامین.
[26] لەبەر ئەوە خودا ئەوانی دایە دەست هەوەسە ئابڕووبەرەکانیان، چونکە ژنەکانیان جووتبوونی سروشتییان بە ناسروشتی گۆڕییەوە.
[27] پیاوانیش وازیان لە جووتبوونی سروشتی ژنانیان هێنا و گڕیان گرت لە هەوەس بۆ یەکتری. پیاو لەگەڵ پیاو بەدڕەوشتی دەکرد، جا سزای تەواوی خراپبوونیان لە خۆیاندا وەرگرت.
[28] سەرەڕای ئەوەش، نەیاندەویست لە ناسینی خودا بەردەوام بن، خوداش ئەوانی دایە دەست مێشکی گەندەڵیان، تاکو ئەوە بکەن کە ناشێت.
[29] پڕبوون لە هەموو ناڕەوایی و خراپە و چاوچنۆکی و بەدکارییەک. پڕن لە ئیرەیی و کوشتن و دژایەتی و فێڵبازی و زیانبەخشی. غەیبەتکارن،
[30] بوختانکەرن، ڕقیان لە خودایە، شەڕفرۆشن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، داهێنەری خراپەن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نین،
[31] بێ مێشکن و دڵسۆز نین، بێ هەست و بێ بەزەیین.
[32] لەگەڵ ئەوەی دەزانن حوکمی دادپەروەرانەی خودا بۆ ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارانە مردنە، بەڵام نەک تەنها خۆیان ئەو کارانە دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانەش پەسەند دەکەن کە دەیکەن.