[1] ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدووێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟
[2] بۆ نموونە، ژن بەپێی تەورات بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو تەوراتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە.
[3] کەواتە تاکو مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی تەورات ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە.
[4] ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە تەورات مردن، تاکو ببنە هی یەکێکی دیکە، بۆ ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین،
[5] چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی تەوراتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، تاکو ئەو کارانەی دەکەین ببێتە هۆی مردن.
[6] بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو.
[7] کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! بەڵام لە ڕێگەی تەوراتەوە نەبێت گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە [چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.]
[8] بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ تەورات مردووە.
[9] منیش لەپێشدا بەبێ تەورات دەژیام. بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم.
[10] بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی بۆ ژیانە بۆ من بۆ مردنە،
[11] چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت.
[12] کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.
[13] ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە.
[14] ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه.
[15] ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوەی ڕقم لێیەتی ئەوە دەکەم.
[16] ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە.
[17] ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە،
[18] چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتە لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە،
[19] چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم.
[20] ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.
[21] کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە،
[22] چونکە لە ناخمدا بە تەوراتی خودا دڵشادم،
[23] بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە.
[24] ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریای ئەم جەستەیەم دەکەوێت کە دەبێت بمرێت؟
[25] سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات! کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی تەوراتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم.