[1] باشە چی بڵێین؟ ئایا لە گوناه بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟
[2] نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟
[3] ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟
[4] بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش لە نوێیەتی ژیاندا بژین.
[5] ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین.
[6] ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین.
[7] ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.
[8] بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین،
[9] دەزانین مەسیح کە لەنێو مردوواندا هەستێنرایەوە، نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.
[10] ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.
[11] ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بۆ خودا زیندوو لە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
[12] کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن.
[13] ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.
[14] چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.
[15] کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر!
[16] ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟
[17] بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا.
[18] ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.
[19] لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر چۆن لەپێشدا ئەندامانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە بۆ خراپە پێشکەش کرد، ئێستاش ئەندامانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن،
[20] چونکە کاتێک کۆیلەی گوناه بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون.
[21] ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە.
[22] بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە،
[23] چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوەیە.