[1] مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە،
[2] کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە.
[3] خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم،
[4] ئیسرائیلییەکان، لەخۆگرتنەوە و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و پەرستن و بەڵێنەکان هی ئەوانە.
[5] باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.
[6] واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا نین.
[7] هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.]
[8] واتە ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن،
[9] چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: [کاتێکی ئاوا دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.]
[10] نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە.
[11] بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن،
[12] خودا بە دایکیانی فەرموو: [گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.]
[13] وەک نووسراوە: [یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.]
[14] کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا!
[15] چونکە بە موسا دەفەرموێ: [میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە. ]
[16] کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە.
[17] نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: [لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.]
[18] کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.
[19] ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟»
[20] ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ [ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»]
[21] ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟
[22] بەڵام چییە ئەگەر خودا کە دەیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی گرت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟
[23] چییە ئەگەر ئەمەی کرد تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟
[24] لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش.
[25] وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ: [ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،] هەروەها
[26] [لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،» لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»]
[27] ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات: [ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
[28] چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.]
[29] وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی: [ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.]
[30] کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە.
[31] کەچی ئیسرائیل بە تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو تەوراتە پێی نەگەیشتن.
[32] بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد،
[33] هەروەک نووسراوە: [ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.]