Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:00

[1] با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە.

[2] ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن.

[3] فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت،

[4] چونکە خزمەتکاری خودایە تاکو چاکەت لەگەڵ بکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە، سزادەری تووڕەییە بۆ خراپەکاران.

[5] بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی ، بەڵکو لەبەر ویژدانیش.

[6] هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن.

[7] مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.

[8] بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، تەوراتی هێناوەتە دی.

[9] ڕاسپاردەکانی وەک [داوێنپیسی مەکەن]، [مەکوژن]، [دزی مەکەن]، [چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت] و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.]

[10] خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیک ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدی تەوراتە.

[11] جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا.

[12] شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین.

[13] با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی.

[14] بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما — Chapters