[1] ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان.
[2] هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات.
[3] با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە.
[4] تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.
[5] کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت.
[6] ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات بۆ یەزدان بایەخ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات بۆ یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات بۆ یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات،
[7] لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت.
[8] لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین.
[9] هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.
[10] ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین،
[11] چونکە نووسراوە: [یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم، هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات، هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.]
[12] کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.
[13] لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم برا دانەنرێت.
[14] بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، مەگەر یەکێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە لە لای ئەو گڵاوە.
[15] ئەگەر بەهۆی خۆراکت خوشکت یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. جا بە خۆراکت ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناوی مردووە.
[16] مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە،
[17] چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا.
[18] هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.
[19] کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات.
[20] لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەگەر ببێتە کۆسپ خراپە بیخوات.
[21] باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.
[22] ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات.
[23] بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەرشتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.