Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:19

[1] لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! چونکە منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین.

[2] خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە:

[3] [ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.]

[4] بەڵام وەڵامی خودایی چییە بۆی؟ [حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.]

[5] لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون.

[6] بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە.

[7] کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون،

[8] وەک نووسراوە: [خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ، چاوی داونەتێ پێی نەبینن و گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.]

[9] داودیش دەڵێت: [با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا بۆیان.

[10] با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.]

[11] دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل.

[12] جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ تەواوەتییان دەبێت چەند بێت؟

[13] ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان،

[14] تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم،

[15] چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟

[16] ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەمووی هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش.

[17] بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت،

[18] شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت.

[19] ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.»

[20] باشە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە،

[21] چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.

[22] لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە.

[23] ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە.

[24] ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.

[25] ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە.

[26] بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: [ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.

[27] ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.]

[28] بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن ، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن،

[29] چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە.

[30] هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن،

[31] ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون.

[32] خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.

[33] ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.

[34] [کێ بیری یەزدانی زانی؟ یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟]

[35] [کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟]

[36] چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما — Chapters