[1] سەبارەت بە فیبی خوشکمان کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا، ڕاتاندەسپێرم
[2] بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن، بە پێشوازییەک کە شایانی خوشک و برای پیرۆز بێت، لە هەر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمەتی بدەن، چونکە بووە یارمەتیدەری زۆر کەس، هەروەها منیش.
[3] سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا بکەن کە هاوکاری منن لە خزمەتکردنی عیسای مەسیحدا،
[4] ئەوانەی لە پێناو ژیانی من ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، تەنها من سوپاسی ئەوانە ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێساکانی ناجولەکەکانیش.
[5] سڵاو لەو کڵێسایە بکەن لە ماڵەکەیانە. سڵاو لە ئەپینەتوسی خۆشەویستم بکەن کە نۆبەرەی ئاسیایە بۆ مەسیح.
[6] سڵاو لە مریەم بکەن کە زۆر پێتانەوە ماندوو بوو.
[7] سڵاو لە ئەندرونیکۆس و یونیاسی خزمانم بکەن، کە لەگەڵم بەند کرابوون، ئەوانەی لەناو نێردراوان ناودارن، پێش من بوونەتە یەک لەگەڵ مەسیحدا.
[8] سڵاو لە ئەمپلیاتۆس بکەن، کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بووە بە هاوڕێیەکی خۆشەویستم.
[9] سڵاو لە ئوربانۆس بکەن کە هاوکارمانە لە خزمەتکردنی مەسیحدا، هەروەها ستاخیسی خۆشەویستم.
[10] سڵاو لە ئەپیڵەس بکەن، ئەوەی کە دڵسۆزی خۆی بۆ مەسیح سەلماند. سڵاو لە ماڵی ئەرستۆبوڵس بکەن.
[11] سڵاو لە هیرودیۆنی خزمم بکەن. سڵاو لەوانە بکەن کە لە ماڵی نێرگزدا لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک.
[12] سڵاو لە خوشکان تریفینا و تریفۆسا بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا ماندوو دەبن. سڵاو لە پەرسیسی خوشکی خۆشەویست بکەن، کە لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆدا زۆر ماندوو دەبێت.
[13] سڵاو لە ڕوفوس بکەن کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆدا هەڵبژێردراوە، هەروەها لە دایکی کە وەک دایکمە.
[14] سڵاو بکەن لە ئەسینکریتۆس، فلیگۆن، هەرمەس، پەتروباس، هرماس و ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵیانن.
[15] سڵاو بکەن لە فیلولوگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشکەکەی و ئۆلەمپاس و هەموو ئەو خەڵکە پیرۆزەی خودا کە لەگەڵیانن.
[16] بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن.
[17] ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە.
[18] ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی گەورەمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن.
[19] هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
[20] خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
[21] تیمۆساوسی هاوکارم سڵاوتان لێدەکات، هەروەها لوکیۆس و یاسون و سۆسیپاتەری خزمانم.
[22] من، تەرتیۆس، نووسەری ئەم نامەیەم، بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە سڵاوتان لێدەکەم.
[23] گایۆس کە خانەخوێی من و هەموو کڵێسایە سڵاوتان لێدەکات. ئەراستۆسی خەزنەداری شار و کوارتۆسی برا سڵاوتان لێدەکەن. ⌟
[24] با نیعمەتی عیسای مەسیحی گەورەمان لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.⌞
[25] شکۆمەندی بۆ ئەو خودایەی کە توانای هەیە بتانچەسپێنێت بەگوێرەی مزگێنییەکەم و جاڕدانی عیسای مەسیح، بەگوێرەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەی لە کاتە ئەزەلییەکانەوە بە شاراوەیی مابووەوە،
[26] بەڵام ئێستا لە ڕێگەی نووسراوی پێغەمبەرانەوە، بەگوێرەی ڕاسپاردەی خودای هەمیشەیی، ئاشکرا و زانراو بووە تاکو هەموو نەتەوەکان باوەڕ بە خودا بهێنن و گوێڕایەڵی بن،
[27] هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ تاقە خودای دانا، بە هۆی عیسای مەسیحەوە! ئامین.