[1] ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.
[2] شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.
[3] لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.
[4] بەڵام مەسیح دەرئەنجامی تەوراتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
[5] موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی تەوراتە دەنووسێت: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.]
[6] بەڵام ئەم ڕاستودروستییەی بە باوەڕە ئاوا دەفەرموێ: [لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»] (واتە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،)
[7] [یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»] (واتە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.)
[8] بەڵام چی دەفەرموێ؟ [پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:
[9] ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.
[10] لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.
[11] هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.]
[12] جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
[13] چونکە [هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.]
[14] ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟
[15] هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: [چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!]
[16] بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: [ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟]
[17] کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.
[18] بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بەڵێ! [پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.]
[19] بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت: [من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.]
[20] بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت: [دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.]
[21] بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت: [بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.]