Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:58

[1] ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە، چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!

[2] ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و بگەڕێنەوە لای یەزدان، پێی بڵێن: «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە، بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.

[3] ئاشور ڕزگارمان ناکات. سواری ئەسپ نابین، جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین، ”خوداوەندەکانمان،“ چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

[4] «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە، بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت، چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.

[5] بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم، ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،

[6] چڵەکانی درێژ دەبنەوە، جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.

[7] نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە. وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و وەک مێو دەگەشێتەوە. ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.

[8] ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟ من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم، من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم، بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

[9] کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟ کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟ چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن، بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.

هۆشەع — Chapters