[1] «کەڕەنا ببە بۆ دەمت! هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان، لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
[2] هاوار بۆ من دەکەن: ”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
[3] بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە، لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
[4] ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو، میریان دانا، کە من نایانناسم. لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد، بۆ لەناوچوونیان.
[5] ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ! تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت. هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
[6] هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن! وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا. گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
[7] «ئەوان با دەچێنن و گەردەلوول دەدورنەوە. چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و ئاردی لێ دروستناکرێت و ئەگەر دروستیش کرا بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
[8] ئیسرائیل هەڵلووشرا! ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
[9] چونکە وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها چوونە ئاشور. ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
[10] هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە، بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە، ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار دەفەوتێن.
[11] «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد، بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
[12] شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم، بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
[13] قوربانیم پێشکەش دەکەن و خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن، بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە. ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و سزای گوناهەکانیان دەدات: ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
[14] ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و چەندین کۆشکی بنیاد نا، یەهوداش شارە قەڵابەندەکان. بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»