Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:22

[1] ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان دڵخۆش و شاد مەبە، چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد، حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد لەسەر هەموو جۆخینەکان .

[2] جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات، شەرابی نوێش بەشیان ناکات.

[3] لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن، بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.

[4] شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن. ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت. نانەکەیان بۆ خۆیانە و ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.

[5] لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن، لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟

[6] چونکە ئەوەتا ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت، میسر کۆیان دەکاتەوە و مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت. دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.

[7] ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن، ڕۆژانی سزا بەڕێوەن. با ئیسرائیل ئەمە بزانێت. لەبەر زۆری تاوانەکەت و زۆری کێشمەکێشت، پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.

[8] پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە، بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە، کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.

[9] ئەوان نوقوم بوون، وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون، خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.

[10] «ئیسرائیلم دۆزییەوە وەک ترێ لە چۆڵەوانی، لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک. بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعل‌پەعۆر و خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد، ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.

[11] ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت، نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.

[12] تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن، جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت. قوڕبەسەریان کاتێک پشتیان تێدەکەم.

[13] ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە لە لەوەڕگا ڕواوە، بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»

[14] ئەی یەزدان، بیاندەرێ، چییان پێدەدەیت؟ منداڵدانێکی لەباربردە و دوو مەمکی وشک.

[15] «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە. لەبەر کردەوە خراپەکانیان لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم. ئیتر خۆشم ناوێن، هەموو میرەکانیان یاخین.

[16] ئەفرایم هەڵپڕووکاوە، ڕەگیان وشک بوو، بەر ناگرن. ئەگەر منداڵیشیان ببێت، منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»

[17] خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە، چونکە گوێیان لێی نەگرت، لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.

هۆشەع — Chapters