Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:33

[1] «کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.

[2] بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن، ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە، قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.

[3] من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد، دەستم بە باڵیانەوە گرت، بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.

[4] بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم، بە بەستنی خۆشەویستی، من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت، چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.

[5] «ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر؟ بێگومان ئاشور دەبێتە پاشایان، چونکە ڕەتیان کردەوە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە لام؟

[6] شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت، کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.

[7] گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من. تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن، ئەو پایەبەرزیان ناکات.

[8] «ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟ ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟ چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟ چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟ دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.

[9] گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم، چونکە من خودام نەک مرۆڤ، من خودا پیرۆزەکەم، لەناوەڕاستی ئێوەدام، بە قینەوە نایەم.

[10] لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن، وەک شێرێک دەنەڕێنێت. کاتێک دەنەڕێنێت، منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.

[11] وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن، وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە. ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[12] ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە، یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا، لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.

هۆشەع — Chapters