Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:34

[1] ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت، دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە، هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات. لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.

[2] یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە، سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات، کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

[3] لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.

[4] لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت، گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت. لە بێت‌ئێل تووشی بوو، لەوێ قسەی لەگەڵی کرد .

[5] یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ناوبانگی یەزدانە!

[6] تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.

[7] بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە، حەز دەکات ستەم بکات.

[8] ئەفرایم گوتی: «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا، لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە کە گوناه بێت.»

[9] «من یەزدانی خودای ئێوەم، ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا، دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم، وەک ڕۆژانی جەژن.

[10] قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن، هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»

[11] ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟ بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن! لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی، بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.

[12] یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام هەڵات و ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد، لە پێناوی ژنێکدا شوانەتی کرد.

[13] یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.

[14] بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد، پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

هۆشەع — Chapters