Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:30

[1] ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.

[2] سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.»

[3] ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.

[4] یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم.

[5] لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»

[6] دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە ، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم.

[7] بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»

[8] لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو.

[9] یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی ، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.

[10] «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن.

[11] لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»

هۆشەع — Chapters