[1] کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو، ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو، بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
[2] ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن، لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن، بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان، هەمووی دەستکردی وەستایە. دەربارەیان دەڵێن: «ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی، بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
[3] لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات، وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە، وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە .
[4] «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم، ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت. جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت، جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
[5] من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد، لە زەوی تینووێتی.
[6] کاتێک لە لەوەڕ تێربوون، کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو، لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
[7] جا وەک شێر دەبم بۆیان، وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
[8] وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و پەردەی دڵیان دەدڕێنم. وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم، ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.
[9] «ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت، چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
[10] ئێستا کوا پاشاکەت؟ تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات، کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت: ”پاشا و میرم بدەرێ“؟
[11] لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
[12] تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون، گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
[13] ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت، بەڵام منداڵێکی نەفامە، چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.
[14] «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم، لە مردن دەیانکڕمەوە. ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟ ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟ «میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
[15] هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو. بایەکی ڕۆژهەڵات دێت، بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات، ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت. گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی تاڵان دەکرێت.
[16] خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن، چونکە لە خودای خۆی یاخی بوون، بە شمشێر دەکوژرێن و منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن، سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»