[1] ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو، بۆ خۆی بەری دەگرت. بەپێی زۆری بەروبوومەکەی، قوربانگای زۆر کرد. بەپێی باشی خاکەکەی، بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
[2] دڵیان فریودەر بوو، ئێستا سزا دەدرێن. یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت، بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.
[3] لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە، چونکە لە یەزدان نەترساین، ئەگەر پاشاشمان هەبێت، چیمان بۆ دەکات؟»
[4] بە سوێندی درۆ قسە دەکەن، پەیمان دەبەستن، ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
[5] خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە لەسەر ئەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە ، چونکە گەلەکەی شینی بۆ دەگێڕن و کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر ئەو دەگریێن، لەبەر شکۆمەندییەکەی، چونکە لێیان ستێنراوە.
[6] ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت، وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز. ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
[7] سامیرە و پاشاکەی وەک چیلکە دارن بەسەر ڕووی ئاوەوە لەناودەچن.
[8] نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری وێران دەبن، کە گوناهی ئیسرائیلن، دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن. ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»
[9] «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد، لەوێدا وەستان، لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
[10] کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم، گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن، کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
[11] ئەفرایم گوێرەکەیەکی ڕاهێنراوە حەز لە گێرەکردن دەکات. لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی، سوار دەخەمە سەر ئەفرایم، یەهودا دەیکێڵێت، یاقوبیش خەرتەی دەکات.
[12] ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە. بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن، چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
[13] بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و بەدڕەفتاریتان دوورییەوە، بەروبوومی درۆتان خوارد، چونکە پشتت بە هێزی خۆت و بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
[14] چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە. هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن، وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی تێکدا، دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
[15] ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە. لە بەرەبەیاندا، پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.