Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:56

[1] کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد، تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون، هەروەها خراپەی سامیرە. فێڵیان کرد، دز چووە ژوورەوە و جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،

[2] بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە. ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات، لە بەرچاومدان.

[3] «بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و بە درۆکانیشیان میر.

[4] هەموو داوێنپیسن وەک تەنوورێکی گەرمکراون کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات، لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی.

[5] لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا، میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت، پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.

[6] چونکە دڵیان وەک ناخی تەنوورە، بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە. قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.

[7] هەموویان وەک تەنوور گەرمن، دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن، هەموو پاشاکانیان دەکەون، کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.

[8] «ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت. ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.

[9] بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و ئەویش پێی نازانێت. قژی ماشوبرنج بووە و ئەویش پێی نازانێت.

[10] لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات، لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و بەدوایدا ناگەڕێن.

[11] «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە، گێل و بێ مێشک، بانگی میسر دەکەن و بۆ لای ئاشور دەچن.

[12] کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم، وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم. کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.

[13] قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن! ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون! من دەیانکڕمەوە، بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.

[14] کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن. بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە، لە من هەڵدەگەڕێنەوە.

[15] من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد، بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.

[16] دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز، وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت. لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن. لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.

هۆشەع — Chapters