Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:45

[1] ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، چونکە یەزدان سکاڵای هەیە لە دانیشتووانی خاکەکە: «نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ، نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.

[2] نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن، دزی و داوێنپیسی، پەرەی سەندووە و خوێنڕشتن، خوێن ڕشتنی بەدوادا دێت.

[3] لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت، بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە، تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.

[4] «بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و کەسیش تاوانبار نەکرێت، چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە سکاڵا لە کاهین دەکەن.

[5] تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت، منیش دایکت لەناودەبەم.

[6] گەلەکەم لە نەزانین لەناودەچێت. «لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە، منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت. لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد، منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.

[7] ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون، ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد، منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.

[8] قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.

[9] جا کاهین وەک گەل دەبێت، بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم، کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.

[10] «دەخۆن و تێر نابن، لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن، چونکە وازیان لە یەزدان هێنا بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن

[11] بۆ لەشفرۆشی و بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.

[12] گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن، وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن، چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و دڵسۆزی خودای خۆیان نین.

[13] لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن، لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن، چونکە سێبەری باشە! لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و بووکەکانیشتان داوێنپیسی.

[14] «کچەکانتان سزا نادەم کە لەشفرۆشی دەکەن و بووکەکانیشتان کە داوێنپیسی دەکەن، چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن. گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!

[15] «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت، بەڵام با یەهودا تاوان نەکات. «مەچن بۆ گلگال و سەرمەکەون بۆ بێت‌ئاڤن و سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“

[16] وەک نوێنگینێکی کەللەڕەق ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە، ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟

[17] ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە، وازی لێ بهێنن!

[18] تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت، هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن، گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.

[19] با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە، بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.

هۆشەع — Chapters