Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:52

[1] پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:

[2] ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن، ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن. ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟

[3] ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە، کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان، کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.

[4] ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە کوللەی گەورە لووشیان دا، ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە پێکوڕە لووشیان دا، ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە وردە کوللەی لووشیان دا.

[5] ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن! ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە، واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن، چونکە لە دەمتان بڕاوە.

[6] نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا، بەهێز و بێشومارە، ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و کەڵبەی شێرە مێی هەیە.

[7] دار مێوەکەمی وێران کردووە و دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە، توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە، لقەکانی سپی بوونەوە.

[8] شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش پۆشیو، بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.

[9] پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب لە ماڵی یەزدان بڕایەوە، کاهینەکان دەلاوێننەوە، ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.

[10] کێڵگەکان وێران بوون، خاک شیوەنی گێڕا، چونکە دانەوێڵە فەوتا، شەرابی نوێ نەما، ڕۆن لە هیزە بڕا.

[11] ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن، ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن، بۆ گەنم و جۆ، چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.

[12] دار مێو وشک هەڵگەڕا و دار هەنجیر سیس بوو، دار هەنار و خورما و سێو، هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان. بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.

[13] ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە، ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن. ئەی خزمەتکارانی خوداکەم، وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.

[14] ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن، پیران کۆبکەنەوە، هەموو دانیشتووانی خاکەکەش بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان، هاوار بکەن بۆ یەزدان.

[15] ئای بۆ ئەو ڕۆژە! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە، وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.

[16] ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟ ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟

[17] تۆوی دانەوێڵەکان لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین، کۆگاکان چۆڵ کران، ئەمبارەکان وێران کران، چونکە دانەوێڵە وشک بوو.

[18] ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن! مێگەلەکان بەڕەڵا بوون، چونکە لەوەڕگایان نییە، تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.

[19] ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم، چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد، گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.

[20] تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە، چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.

یۆئێل — Chapters