Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:03

[1] «لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا، کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،

[2] هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات . لەوێدا دادگاییان دەکەم، لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل، کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و زەوییەکەی منیان دابەش کرد.

[3] لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد، منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت، کچیان بۆ شەراب فرۆشت بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.

[4] «ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە،

[5] چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان.

[6] نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.

[7] «ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە.

[8] کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[9] ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن: خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن! پاڵەوانەکان هەڵتسێنن! با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.

[10] گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر، داسەکانیشتان بکەنە ڕم. با لاواز بڵێت، «من پاڵەوانم!»

[11] ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن، لەوێدا کۆببنەوە. ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!

[12] «نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن، بۆ دۆڵی یەهۆشافات، چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.

[13] داسەکە ڕاوەشێنن، چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە. وەرن ترێ بپڵیشێننەوە، چونکە گوشەرەکە پڕ بووە، قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت، چونکە خراپەیان زۆرە!»

[14] «لە دۆڵی بڕیار کۆمەڵ، کۆمەڵ! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە لە دۆڵی بڕیار.

[15] خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.

[16] یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە، ئاسمان و زەوی دەهەژێن. بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی، قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.

[17] «ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم، لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم. ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛ لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.

[18] «لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت، گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛ هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت، کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت، دۆڵی شەتیم ئاو دەدات.

[19] بەڵام میسر وێران دەبێت، ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران، لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد، خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.

[20] یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت، ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.

[21] لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.» یەزدانیش لە سییۆن نیشتەجێ دەبێت!

یۆئێل — Chapters