Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:21

[1] ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.

[2] گوتی: «یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت، لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»

[3] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،

[4] ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.

[5] شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم، فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم، هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن. گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[6] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و بە ئەدۆمی فرۆشت،

[7] ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە، قەڵاکانی دەخوات.

[8] فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان. دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن، پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[9] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،

[10] ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور قەڵاکانی دەخوات.»

[11] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت، بەبێ دەربڕینی بەزەیی. هەروەها چونکە تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو، قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،

[12] هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان، قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»

[13] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی، بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،

[14] ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم قەڵاکانی دەخوات، بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا، بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.

[15] پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت، ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئامۆس — Chapters