[1] ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:
[2] «تەنها ئێوەم ناسی لە هەموو خێڵەکانی زەوی، لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم، لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
[3] ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن، بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
[4] ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت، ئەگەر نێچیری نەبێت؟ ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت، بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
[5] ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە، لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟ ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە، ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
[6] ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت، ئایا گەل ناترسێت؟ ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات، ئایا یەزدان نەیکردووە؟
[7] بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
[8] شێر نەڕاندی، کێ ناترسێت؟ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
[9] بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و پێیان بڵێن: «لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە، ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن، ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
[10] یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن، ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
[11] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
[12] یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک لە دەمی شێر دەردەهێنێت، ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
[13] «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
[14] «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی، سزای قوربانگاکانی بێتئێلیش دەدەم، جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و دەکەونە سەر زەوی.
[15] کۆشکی زستانە دادەڕمێنم، هەروەها کۆشکی هاوینەش، کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.