[1] یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە.
[2] پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
[3] یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»
[4] یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی لووشدا، خاکەکەشی خوارد.
[5] ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
[6] یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە. یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
[7] ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو.
[8] یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «شاووڵ.» ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
[9] «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن، بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
[10] جا ئەمەسیای کاهینی بێتئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.»
[11] چونکە ئامۆس وای گوتووە: «”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت، ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
[12] ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە.
[13] بەڵام چیتر لە بێتئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
[14] ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم.
[15] بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“
[16] ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت: «”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە، لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
[17] «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات، کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن، زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت، خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت، ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»