[1] یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو.
[2] جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
[3] «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
[4] ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە، هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن، گوێتان لەمە بێت:
[5] ئێوە دەڵێن، «کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین، کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت، تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟» بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و نرخ زیاد بکەن و فێڵ لە تەرازوو بکەن،
[6] بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و نەداران بە جووتێک پێڵاو و بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
[7] یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.»
[8] «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟ هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
[9] یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «جا لە نیوەڕۆدا ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
[10] جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە. جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم. دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
[11] یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە، نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو، بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
[12] جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن، بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە.
[13] لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
[14] ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و دەڵێن: ”ئەی دان، بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و ”بەو ڕێگایەی بیری شابەع کە زیندووە…“ جا دەکەون و ئیتر هەڵناستنەوە.»