Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:18

[1] ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت.

[2] من پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.»

[3] کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد.

[4] ئینجا گوتی: m «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی:

[5] ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و هیچ کەسێکیشم هەڵنەبژاردووە ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی من،

[6] بەڵکو ئۆرشەلیمم هەڵبژاردووە هەتا ناوەکەم لەوێ بێت و داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“ m

[7] «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.

[8] بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”لەبەر ئەوەی لە دڵتدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت، باشت کرد کە ئەمە لە دڵتدا بوو،

[9] لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“ m

[10] «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا.

[11] لەوێشدا سندوقەکەم دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستی.»

[12] ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بەرز کردەوە.

[13] سلێمان سەکۆیەکی لە بڕۆنز دروستکردبوو و لەناوەڕاستی حەوشەکەدا داینابوو، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەشی پێنج باڵ بوو، بەرزییەکەشی سێ باڵ ، جا لەسەری ڕاوەستا بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل چۆکی دادا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و

[14] گوتی: m «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن.

[15] تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی. m

[16] «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بەگوێرەی فێرکردنەکەم لەبەردەمم ڕەفتار بکەن، هەروەک چۆن تۆ ڕەفتارت کرد.“

[17] ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی بەندەت دا. m

[18] «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە!

[19] بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت لەبەردەمت دەیکات.

[20] با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات.

[21] هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە لە ئاسمانەوە بیستت لێمان خۆشبە. m

[22] «ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات،

[23] تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە. m

[24] «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەبەردەمت لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و پاڕانەوە،

[25] تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە خۆیان و باوباپیرانیانت داوە. m

[26] «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن،

[27] تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت. m

[28] «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدەن؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛

[29] ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەرد و ئازاری خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە،

[30] ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی ئادەمیزاد دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت،

[31] بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن و ڕێگاکانت بگرنەبەر. m

[32] «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی مەزنت و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد،

[33] تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، هەتا هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە. m

[34] «کاتێک گەلەکەت لە دژی دوژمنەکەی بۆ جەنگ دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان بۆت کرد ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە،

[35] تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. m

[36] «کەس نییە گوناه نەکات، کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن تۆش لێیان تووڕە بوویت و ئەوانت خستە بەردەم دوژمن، بە دیلیان گرتن و بۆ خاکی دوژمن ڕاپێچیان کردن، دوور بێت یان نزیک؛

[37] لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لەو خاکەوەی کە بۆی ڕاپێچ کراون تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە، گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد؛“

[38] ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات، لە خاکی دیلیێتییان کە بۆی ڕاپێچ کراون، هەروەها نوێژیان کرد ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە؛

[39] ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە. m

[40] «ئێستاش ئەی خودایە، تکایە با چاوەکانت کراوە و گوێیەکانت شل بن بۆ نوێژەکانی ئەم شوێنە.

[41] ئێستا ئەی یەزدانی پەروەردگار، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت، خۆت و سندوقی هێزت. ئەی خودای پەروەردگار، با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن و خۆشەویستانت بە چاکە شاد بن.

[42] ئەی یەزدانی پەروەردگار، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ داودی بەندەت لەیاد بێت.»

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters