[1] یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو، چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو.
[2] یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع.
[3] یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.
[4] دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە.
[5] کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.
[6] لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»
[7] ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.
[8] پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا.
[9] بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن.
[10] هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو.
[11] کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە.
[12] پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.
[13] ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان کارەکەیان کرد، کارەکە لە دەستیان سەرکەوتوو بوو، پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەمجاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد.
[14] کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.
[15] یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد.
[16] لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.
[17] پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن.
[18] ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم.
[19] هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن هەتا بۆ یەزدانیان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.
[20] ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»
[21] بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد.
[22] یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «یەزدان دەبینێت و پاداشت دەداتەوە.»
[23] ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد.
[24] هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند.
[25] کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.
[26] ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت.
[27] بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.