Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:13

[1] ئەوە بوو کە پاشایەتییەکەی ڕەحەڤەعام جێگیر و بەهێز بوو، ئەو و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەشی کە لەگەڵیدا بوون، وازیان لە فێرکردنەکانی یەزدان هێنا.

[2] لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ یەزدان کرد.

[3] شیشەق بە هەزار و دوو سەد گالیسکە، شەست هەزار سوار و سەربازێکی بێشوماری لیبی، سوخی و کوشی کە لە میسرەوە لەگەڵی هاتبوون،

[4] شارە قەڵابەندەکانی یەهودای گرت و هاتە سەر ئۆرشەلیم.

[5] پاشان شەمەعیای پێغەمبەر هات بۆ لای ڕەحەڤەعام و ئەو سەرکردانەی یەهودا کە لە ترسی شیشەق لە ئۆرشەلیم کۆببوونەوە و پێی گوتن: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە وازتان لە من هێنا، لەبەر ئەوە منیش لەناو دەستی شیشەقدا وازم لە ئێوە هێنا.“»

[6] ئەو کاتە سەرکردەکانی ئیسرائیل و پاشاش خۆیان نزم کردەوە و گوتیان: «یەزدان دادپەروەرە!»

[7] کە یەزدان بینی خۆیان نزم کردەوە، فەرمایشتی یەزدان بۆ شەمەعیا هات و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی خۆیان نزم کردەوە، لەناویان نابەم، بەڵکو خێرا دەربازیان دەکەم و لەسەر دەستی شیشەق تووڕەییم بەسەر ئۆرشەلیمدا نابارێنم.

[8] لەگەڵ ئەوەشدا دەبن بە کۆیلەی ئەو هەتا جیاوازی نێوان خزمەتکردنی من و خزمەتکردنی پاشاکانی خاکەکانی دیکە بزانن.»

[9] کاتێک شیشەقی پاشای میسر پەلاماری ئۆرشەلیمی دا، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد کە سلێمان دروستی کردبوون.

[10] لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.

[11] هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.

[12] لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە.

[13] ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو.

[14] ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو.

[15] ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.

[16] ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters