[1] ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد.
[2] بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد.
[3] ئەو بوو کە لە دۆڵی بەنهینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن.
[4] هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
[5] لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق. هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند.
[6] بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار کەسی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو.
[7] هەروەها زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت.
[8] پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.
[9] لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی خودای باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان.
[10] ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟
[11] ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»
[12] ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە،
[13] پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»
[14] ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت.
[15] پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، بەرگیان پۆشین و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.
[16] لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات،
[17] چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن.
[18] هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێتشەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون.
[19] یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد.
[20] تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات.
[21] لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.
[22] لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و
[23] قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند، گوتی: «چونکە خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.
[24] ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند.
[25] لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆی پەست کرد.
[26] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
[27] ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.