Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:38

[1] لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع خۆی بەهێز کرد و پەیمانی بەست لەگەڵ فەرماندەی یەکەی سەدان، عەزەریای کوڕی یەرۆحام و ئیسماعیلی کوڕی یەهۆحانان و عەزەریای کوڕی عوبێد و مەعسێیاهوی کوڕی عەدایا و ئەلیشافاتی کوڕی زکری.

[2] ئەوانیش بەناو یەهودا گەڕان و لێڤییەکانیان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا کۆکردەوە، لەگەڵ گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل و هاتن بۆ ئۆرشەلیم.

[3] ئینجا هەموو کۆمەڵەکە لەناو پەرستگای خودا پەیمانێکیان لەگەڵ پاشادا بەست. یەهۆیاداع پێی گوتن: «کوڕەکەی پاشا دەبێت بە پاشا هەروەک چۆن یەزدان لەبارەی نەوەی داودەوە فەرمووی.

[4] ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، سێیەکی ئێوە لە کاهین و لێڤییەکان کاتێک لە شەممەکاندا دەچنە ژوورەوە، با دەرگاوانی دەرگاکان بن،

[5] سێیەکیش لە کۆشکی پاشا و سێیەکیش لە دەروازەی بناغەکە، هەموو گەلیش لە حەوشەکانی پەرستگای یەزدان دەبن.

[6] جگە لەو کاهین و لێڤییانەی کە نۆرەی بەشەکانیانە بۆ خزمەت، با کەس نەچێتە ناو پەرستگای یەزدان، چونکە ئەوان تەرخانکراون و با هەموو گەلیش فەرمانەکانی یەزدان بەجێبگەیەنن.

[7] لێڤییەکان با چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە پەرستگاکەوە دەکوژرێت، لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»

[8] پاش ئەوە لێڤییەکان و هەموو یەهودا ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەی لەسەر ئەرک نین، چونکە یەهویاداعی کاهین کەسی بەڕێ نەکرد.

[9] هەروەها یەهۆیاداع ڕمەکان و قەڵغانە گەورە و بچووکەکانی داودی پاشا، ئەوانەی کە لە پەرستگای خودا بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان و

[10] هەموو پاسەوانەکانی، هەریەکە چەکەکەی بە دەستیەوە لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور بە چواردەوری قوربانگاکە و پەرستگاکەدا، لە دەوری پاشا ڕاوەستاند.

[11] ئەو کاتە کوڕەکەی پاشایان هێنایە دەرەوە و تاجەکەیان لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەیان دایێ و کردیانە پاشا، یەهۆیاداع و کوڕەکانیشی دەستنیشانیان کرد و گوتیان: «بژی پاشا.»

[12] کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی گەل بوو ڕادەکەن و ستایشی پاشا دەکەن، هاتە لای گەل کە لە پەرستگای یەزدان بوون،

[13] تەماشای کرد وا پاشا لە دەروازەکەدا لەلای کۆڵەکەکەی ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. گۆرانیبێژەکان بە ئامێرەکانی مۆسیقا سەرپەرشتی ستایشکردنیان دەکرد. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ناپاکییە! ناپاکییە!»

[14] یەهۆیاداعی کاهینیش فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکری نارد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن،» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «لەناو پەرستگای یەزدان مەیکوژن.»

[15] ئیتر کە گەیشتە شوێنی هاتنە ژوورەوەی کۆشکی پاشا گرتیان و لەوێ لەلای دەروازەی ئەسپەکان کوشتیان.

[16] یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان خۆی و هەموو گەل و پاشادا بەست، هەتا ببنە گەلی یەزدان.

[17] هەموو گەل هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.

[18] ئینجا یەهۆیاداع چاودێریکردنی پەرستگای یەزدانی دایە دەست کاهینە لێڤییەکان، ئەوانەی داود لە پەرستگای یەزداندا دابەشی کردن بۆ سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکانی یەزدان، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بە خۆشی و گۆرانییەوە لەسەر دەستی داود.

[19] هەروەها دەرگاوانی بۆ دەرگاکانی پەرستگای یەزدان دانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن بە هیچ کەسێک کە گڵاو بووبێت بە شتێک، بێتە ژوورەوە.

[20] پاشان فەرماندەی سەدان و شازادەکان و دەسەڵاتداران بەسەر گەل و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشای لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە و بەناو دەروازەی سەرەوەدا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا و پاشایان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانا.

[21] هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، عەتەلیاشیان بە شمشێر کوشت.

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters