[1] ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا.
[2] یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست لە میسرەوە گەڕایەوە.
[3] پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت:
[4] «باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.»
[5] ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن.
[6] ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک کە لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟»
[7] ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لەگەڵ ئەم گەلە چاک بیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.»
[8] بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد.
[9] لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە؟“»
[10] ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە.
[11] باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان، باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“»
[12] لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.»
[13] پاشا بە توندی وەڵامی دانەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست،
[14] بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم. باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.»
[15] پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی خودا بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو.
[16] کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە: «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە، چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟ ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان! ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!» ئیتر هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان.
[17] بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون.
[18] ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت.
[19] بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون.