Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:14

[1] لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.

[2] سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو. ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا.

[3] ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.

[4] ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن!

[5] ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟

[6] کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو،

[7] جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.

[8] «ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان.

[9] بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.

[10] «بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن.

[11] هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە.

[12] خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»

[13] پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو.

[14] کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و

[15] پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند.

[16] ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە.

[17] ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران.

[18] لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.

[19] پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێت‌ئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان،

[20] یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.

[21] بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.

[22] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters