Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:29

[1] سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد.

[2] پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون.

[3] ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو.

[4] داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو.

[5] بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد.

[6] سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.

[7] لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟»

[8] سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا.

[9] ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە.

[10] ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

[11] خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت و داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای،

[12] ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»

[13] پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.

[14] سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.

[15] پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.

[16] ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخێکی بازاڕ وەریاندەگرتن.

[17] گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters