[1] ئەمەسیا کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
[2] ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە.
[3] کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.
[4] بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»
[5] ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون.
[6] هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو بەکرێ گرت.
[7] بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، تەنانەت لەگەڵ کەس لە نەوەی ئەفرایمدا نییە.
[8] هەتا ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»
[9] ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟» پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»
[10] ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.
[11] بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت،
[12] نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.
[13] بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێتحۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.
[14] پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن.
[15] جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»
[16] کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!» ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»
[17] پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»
[18] یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «خڕنووکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم هەتا ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر خڕنووکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.
[19] تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»
[20] بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد.
[21] لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێتشەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
[22] لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.
[23] ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێتشەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.
[24] هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.
[25] ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.
[26] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
[27] لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.
[28] بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.