[1] کاتێک سلێمان هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای خودا.
[2] لەو کاتەدا سلێمان لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.
[3] هەروەها لەو جەژنەی کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای پاشا کۆبوونەوە.
[4] ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و لێڤییەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،
[5] سندوقەکە و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهینە لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،
[6] سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
[7] ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
[8] دوو کەڕوبەکە باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیان دادەپۆشی کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
[9] ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە لە ئەمسەر و ئەوسەری سندوقەکەوە دەرچووبوون، هەروەها سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
[10] ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
[11] ئینجا کاهینەکان لە شوێنی پیرۆز کشانەوە. هەموو کاهینە ئامادەبووەکان خۆیان پیرۆز کردبوو بێ ڕەچاوکردنی بەشەکانیان.
[12] هەروەها لێڤییە گۆرانیبێژەکانیش کە بریتی بوون لە ئاساف و هێیمان و یەدوتون و کوڕەکانیان و براکانیان، هەموویان کەتانی ناسکیان لەبەرکردبوو بە سەنج و بە قیسارە و بە سازەوە ڕاوەستابوون و لەلای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکەوە، سەد و بیست کاهینیشیان لەگەڵدا بوو کە کەڕەنایان لێدەدا.
[13] کەڕەنا لێدەر و گۆرانیبێژەکان بە یەک دەنگ ستایش و سوپاسی یەزدانیان کرد، دەنگیان بەرزکردەوە و بە کەڕەنا، سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە ستایشی یەزدانیان کرد و گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» ئینجا پەرستگای یەزدان پڕبوو لە هەور و
[14] کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگای خودای پڕکرد.