Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:51

[1] یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی.

[2] کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.

[3] بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و

[4] بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.

[5] «لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن.

[6] ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»

[7] یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەمە لە سامانی پاشا بوو بۆ ئەوانە لە گەل کە ئامادە بوون.

[8] هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی.

[9] کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.

[10] بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا.

[11] بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد.

[12] ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە.

[13] بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد.

[14] پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.

[15] گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.

[16] بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا.

[17] هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا.

[18] لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو؛ هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون.

[19] لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.

[20] پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نەخوی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی.

[21] بەڵام نەخو نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»

[22] بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نەخو نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.

[23] تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.»

[24] ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.

[25] یەرمیاش بۆ یۆشیای لاواندەوە و هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە لاواندنەوەکانیان شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن و کردیان بە فەرز بەسەر ئیسرائیلەوە و لە پەڕتووکی لاواندنەوە نووسراوە.

[26] ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و

[27] کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.

دووەم پوختەی مێژوو — Chapters