[1] پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو.
[2] دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
[3] ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو.
[4] جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات،
[5] بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو.
[6] هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو.
[7] وای دەکرد، ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا بۆ ماڵی یەزدان بچووایە، هەوێیەکەی ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد.
[8] ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
[9] لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو.
[10] حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان.
[11] حەنا نەزرێکی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
[12] ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد،
[13] حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە.
[14] جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
[15] حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم.
[16] کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
[17] عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
[18] حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
[19] بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە.
[20] ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل، گوتی: «چونکە داوام لە یەزدان کرد.»
[21] ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی.
[22] بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
[23] ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
[24] پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو.
[25] ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی،
[26] حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان،
[27] لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد.
[28] لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.» ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.