[1] هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز بۆ دەروازەی شارۆچکەکە سەرکەوت و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێپەڕی. بۆعەزیش گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.
[2] ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن.
[3] ئینجا بە خوێنگرەکەی گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت.
[4] منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.» ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.»
[5] بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە دەستی ناعۆمی دەکڕیتەوە هەروەها لە دەستی ڕائووسی مۆئابی کە ژنی مردووەکەیە، ڕائووسیش مارە دەکەیت، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»
[6] خوێنگرەکەش گوتی: «ناتوانم بۆ خۆم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»
[7] وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.
[8] ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت «بۆ خۆت بیکڕە» و پێڵاوەکەی داکەند.
[9] بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە.
[10] هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»
[11] هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون گوتیان: «ئێمە شایەتین. ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت یەزدان وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێتلەحم.
[12] هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ئافرەتە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»
[13] ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو.
[14] ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە.
[15] دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشویست و ئەو بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
[16] ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی.
[17] ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
[18] ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن: پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
[19] حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو، ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو،
[20] عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو، نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو،
[21] سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو، بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو،
[22] عوبێدیش باوکی یەسا بوو و یەساش باوکی داود بوو.