[1] لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان، قاتوقڕییەک لە خاکەکە سەریهەڵدا. لە بێتلەحمی یەهوداوە پیاوێک خۆی و ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کۆچیان کرد و پەنایان بۆ وڵاتی مۆئاب برد.
[2] ناوی پیاوەکە ئەلیمەلەخ بوو، ناوی ژنەکەشی ناعۆمی بوو، ناوی دوو کوڕەکەشی مەحلۆن و کیلیۆن بوو، لە ئەفراتییەکانی بێتلەحمی یەهودا بوون. ئیتر هاتن بۆ وڵاتی مۆئاب و لەوێ ژیان.
[3] لەوێ ئەلیمەلەخی مێردی ناعۆمی مرد، ناعۆمی و دوو کوڕەکەی مانەوە و
[4] دوو ژنی مۆئابیان هێنا، یەکێکیان ناوی عۆرپا بوو ئەوەی دیکەیان ڕائووس. لەوێ بۆ ماوەی دە ساڵ مانەوە.
[5] ئینجا مەحلۆن و کیلیۆن مردن، ئیتر ناعۆمی لە کوڕەکانی و مێردەکەی بوو.
[6] دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت.
[7] لەو شوێنەی کە لێی بوون لەگەڵ بووکەکانی چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە خاکی یەهودا.
[8] ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ مردووەکان و مندا کردتان.
[9] خودا بتانحەسێنێتەوە هەریەکە و لە ماڵی مێردی خۆی.» ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان.
[10] پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.»
[11] ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟
[12] بگەڕێنەوە و بڕۆن چونکە تازە پیر بووم، ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو،
[13] ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. زۆر خەفەت بۆ ئێوە دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا».
[14] ئینجا دیسان بە دەنگی بەرزەوە گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت.
[15] ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپا گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ عۆرپا بگەڕێوە.»
[16] ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە.
[17] لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.»
[18] کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.
[19] ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێتلەحم. کاتێک گەیشتنە بێتلەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»
[20] ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“ ، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“ چونکە خودای هەرە بە توانا ژیانی زۆر تاڵ کردم.
[21] من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بە توانا تووشی خراپەی کردم؟»
[22] ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێتلەحمەوە.