[1] ناعۆمی خزمێکی مێردەکەی هەبوو بە ناوی بۆعەز، پیاوماقوڵی هەمان تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
[2] ڕائووسی مۆئابی بە ناعۆمی گوت: «بهێڵە با بچم بۆ کێڵگە و گوڵەجۆ هەڵبگرمەوە لەدوای هەرکەسێک کە لەگەڵم میهرەبان بێت.» ئەویش پێی گوت: «کچم بڕۆ.»
[3] ڕائووسیش ڕۆیشت و بەدوای دروێنەکەرەکاندا لە کێڵگەیەک گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. وا ڕێککەوت کێڵگەکە هی بۆعەز بوو کە لە تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
[4] لەو کاتەدا بۆعەز لە بێتلەحمەوە هات و بە دروێنەکەرەکانی گوت: «یەزدان یارمەتیتان بدات.» ئەوانیش گوتیان: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت.»
[5] بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟»
[6] ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە،
[7] پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.»
[8] بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم.
[9] سەیری کێڵگەکە بکە لەکوێ دروێنە دەکەن شوێنیان بکەوە. خزمەتکارەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.»
[10] ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «چۆن لەبەرچاوی تۆ ڕەزامەندیم بەدەستهێنا، لە کاتێکدا من بێگانەم!»
[11] بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەوەی کە بۆ خەسووت کردووتە دوای مردنی پیاوەکەت، بە تەواوی پێم گوتراوە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون.
[12] با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە، با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە. ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»
[13] ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.»
[14] لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە پێشەوە بۆ ئێرە و نان بخۆ و پارووەکەت بە سرکەکە بکە.» ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە.
[15] کاتێک هەستا بۆ ئەوەی جۆ هەڵبگرێتەوە، بۆعەز فەرمانی بە پیاوەکانی دا: «لێیگەڕێن با لەنێو کۆڵەجۆکانیش جۆ هەڵبگرێتەوە و ئەزیەتی مەدەن،
[16] لە دەسکەکانیش بۆی دەربهێنن. لێیگەڕێن با هەڵیبگرێتەوە و قسەی پێ مەڵێن.»
[17] ئەویش گوڵەجۆی هەڵگرتەوە هەتا ئێوارە، ئەوەی هەڵیگرتبووەوە کوتای و نزیکەی ئێفەیەک جۆ بوو.
[18] جا هەڵیگرت و گەڕایەوە ناو شار. خەسووی ئەوەی بینی کە هەڵیگرتبووەوە، ئەو خواردنەش کە لەدوای تێربوونی لێی مابووەوە دایە خەسووی.
[19] خەسووشی پێی گوت: «ئەمڕۆ لەکوێ گۆڵەجۆت هەڵگرتەوە و لەکوێ ئیشت کرد؟ با بەرەکەتدار بێت ئەو کەسەی کە چاوی لێتە.» ئەویش باسی ئەو کەسەی بۆ خەسووی کرد کە ئیشی لەگەڵدا کردووە گوتی: «ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ ئیشم لەگەڵدا کردووە ناوی بۆعەزە.»
[20] ناعۆمیش بە بووکەکەی گوت: «ئەو بەرەکەتدارە لەلایەن یەزدانەوە، ئەوەی زیندووان و مردووانی بێبەش نەکردووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.» ئینجا ناعۆمی پێی گوت: «ئەو پیاوە یەکێکە لە خوێنگرەکانمان .»
[21] ڕائووسی مۆئابیش گوتی: «هەروەها پێی گوتم: ”لەگەڵ خزمەتکارەکانمدا بمێنەوە هەتا هەموو دروێنەکەم تەواو دەکەن.“»
[22] ناعۆمیش بە ڕائووسی بووکی گوت: «کچم وا چاکە لەگەڵ کارەکەرەکانی ئەو بچیت، نەوەک لە کێڵگەیەکی دیکە ئەزیەتت بدەن.»
[23] ئەویش لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بۆعەزدا لە هەڵگرتنەوە مایەوە هەتا دروێنەی جۆ و دروێنەی گەنم تەواو بوو، لەگەڵ خەسووی ژیا.