[1] فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد .
[2] ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن دایاننا.
[3] جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە.
[4] بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە.
[5] لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ لەسەر سەکۆی دەرگاکە نانێن.
[6] یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی جەستەی کردن.
[7] کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.»
[8] جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.
[9] بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن.
[10] ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد. جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.»
[11] جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» چونکە ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو.
[12] ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.