Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:21

[1] پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای.

[2] جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.

[3] داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.»

[4] هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.

[5] بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.

[6] ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون.

[7] شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟

[8] هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»

[9] بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە، گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ.

[10] ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»

[11] پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا.

[12] شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.» ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»

[13] شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»

[14] ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟

[15] ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»

[16] بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»

[17] ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.» بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.

[18] ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت،

[19] نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت و منداڵ و شیرەخۆرە و گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.

[20] بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود.

[21] جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە.

[22] داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت.

[23] لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»

یەکەم ساموئێل — Chapters