Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:56

[1] ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی ؟

[2] ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘“

[3] «ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێت‌ئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە.

[4] ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.

[5] «پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن.

[6] ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە.

[7] کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە.

[8] «لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»

[9] کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی.

[10] کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لەناوەڕاستیاندا حاڵی گرت.

[11] کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»

[12] جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»

[13] پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە.

[14] مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟» ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»

[15] مامی شاولیش گوتی: «پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.»

[16] شاولیش بە مامی گوت: «پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.» بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو.

[17] ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و

[18] بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“

[19] بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.»

[20] ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا.

[21] ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.

[22] جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟» یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.»

[23] ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو.

[24] ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.» ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!»

[25] ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی.

[26] هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە.

[27] بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.

یەکەم ساموئێل — Chapters